ئانگێلا مێرکێل لە ڤیدیۆ کۆنفرانسێکدا لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی ناسراو بە گرووپی ٢٠، وتی: بەفەرمیناسینی تاڵیبان لە ئەفغانستان لە بەرنامەی کاری ئێمە لەم کۆبوونەوەیدا نییە، لەبەر ئەوەیکە ئەم دەوڵەتە گشتگیر نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ئانگێلا مێرکێل، رۆژی سێشەممە ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە دانیشتن و کۆبوونەوەی بەرپرسانی وڵاتانی ناسراو بە گرووپی ٢٠، وتی: من و زۆربەی سیاسەتمەدارانی دیکەی جیهان بەپێی هەموو لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەکانمان بەو ئاکامە گەیشتووین کە دەوڵەتی تاڵیبان دەوڵەتێکی گشتگیرنییە، هەربۆیە بەرنامەیەکمان لەم کۆبوونەوەیەدا بۆ بەفەرمی ناسینی دەوڵەتی تاڵیبان لە ئەفغانستاندا نییە.
ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند کە لە ئێستادا ئێمە درێژە بە وتووێژەکانمان لەگەڵ تاڵیبان دەدەین و یەکێک لە گرینگترین خاڵەکانمان بۆ وتووێژ لەگەڵ تاڵیبان ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تێرۆریزمە و ئێمە هەموو هەوڵیک دەدەین کە ئەفغانستان نەبێتە شوێنێکی پارێزراو بۆ گرووپ و تاقمە تێرۆریستییەکان لە جیهاندا.
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی وڵاتانی دیکە لەهەمان کۆبوونەوەدا بەڵێنیاندا کە یارمەتییە ماڵییەکانیان بگەیەننە خەڵکی ئەفغانستان، بەڵام جەختیشیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە یارمەتیی گەیاندن بە ئەفغانستان بە مانای بەفەرمیناسینی ئەو وڵاتە نییە.