یووسی کۆهێن، بە ئاماژە بەوەیکە ئێران ئێستاش زۆر دوورە لە بەرهەمهێنانی بۆمبی ناوکیی وتی: ئێران زیاتر لە سەردەمی پێبەندبوون بەرجام کەوتۆتە پەراوێزەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی “جێرۆزاڵم پۆست” یووسی کۆهێن، بەرپرسی پێشووی دەزگای هەواڵگری و زانیارییەکانی ئیسرائیل” مووساد”، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە دەیەمین کۆنفرانسی دیپلۆماتیکی ڕۆژنامەی “جێرۆزاڵم پۆست”دا سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە ئەو ماوە دوور و درێژەی کە ئێران ماویەتی بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی، ئاکامی هەوڵی درێژماوەی هێندێک لە هێزەکانی جیهانە وتی: ڕێژەی دژبەرانی بەرنامە ناوکیی ئێران بە بەراورد لەگەڵ پێشوودا زۆر زیادی کردووە.
ناوبراو لەهەمبەر بەرنامەی ناوکیی ئێران ڕایگەیاند کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا، ئیسرائیل دەبێ بە تەنیایی پێش لە ئێران بگرێ و نابێ بەرپرسانی ئێرانی خەوێکی ئاسوودەیان هەبێ.
لەلایەکی دیکەوە یائێر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ جەیک سالیوان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و چاوپێکەوتنی لەگەڵ هەیئەتی ڕێبەرانی کۆنگرەی ئەمریکا بە سەرپەرەستی نانسی پلۆسی، بەرپرسی مەجلیسی نوێنەران، نیگەرانییەکانی ئیسرائیلی لەهەمبەر پێشکەوتنی بەرنامەیی ناوکیی ئێران هێنایە بەرباس.