لە بڕیارێک کە لەلایەن وەزارەتی زانستی ڕێژیمەوە دەرکراوە، مۆڵەتێک بە ماوەی یەک حەوتوو بە مامۆستایان دراوە کە واکسێنی کۆرۆنا لە جۆری چینی یان ئێرانی لە خۆیان بدەن تاکوو لە کلاسی دەرسەکاندا بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەشداری بکەن.
لە لێدوانێکی وەزیری زانست و نامەیەک کە لەلایەن “عەلی خاکی سدیق” جێگری پەروەردەی وەزارەتی زانستی ڕێژیمەوە بۆ لایەنە پێوەندیدارەکان ناردراوە، کاتی کرانەوەی زانکۆکانی ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ دیاری کردووە و ئاماژە بەوە کراوە کە مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی زانکۆکان مۆڵەتێکی یەک حەوتووییان هەیە کە واکسێنی کۆرۆنا لێبدەن و بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەشداری کلاسەکانی زانکۆ بکەن.
ئەم فشارە لە حاڵێکدایە کە واکسێنی ئێرانی “بەرەکەت” یا جۆری چینی و ڕووسی ئەم واکسێنە لەلایەن خەڵکی ئێران بەگشتی و توێژی خوێندەوار و مامۆستایانی زانکۆ بەتایبەتی متمانە پێنەکراوە و داواکاری بۆ لێدانی ئەو جۆرە واکسێنانە لەنێو خەڵکدا زۆر کەمە.
ڕێژیمی ئێران لە سەرتای دەستپێکی کۆرۆناوە بەوە تاوانبارە کە کەمکاری کردووە و بەئانقەست ئیزنی داوە کە ئەم پەتایە لەنێو خەڵکدا تەشەنە بکات تاکوو کێشە و کەمووکوڕییەکان لەژێر ناوی پەتای کۆرۆنا بشارێتەوە.