“سپیدە قۆلیان” چالاکی مەدەنیی مافی مرۆڤ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە لە ماڵی خوشکی لە شاری “ئەهواز” دەسبەسەر کرا.
“مەهدی قۆلیان”، برای ناوبراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاماژەی بەوە کردووە کە ٣٠ کەس لە هێزەکانی ئیتلاعات، هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی نیشتەجێ بوونی ناوبراو و پاش ڕفاندنی، گوازراوەتەوە بۆ شوێنیکی نادیار.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری هرانا، ناوەندی هەواڵدەری مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، سپیدە قۆلیان، چالاکی مەدەنی بۆ تێپەراندنی ماوەی حوکمەکەی بە دەستی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ئەهواز لە ماڵی خوشکەکەیدا دەسبەسەر کرا.
لەکاتی دەسبەسەرکردنی سپیدە قۆلیان، ٣٠ هێزی ئیتلاعاتی ژن و پیاو ڕژاونەتە ماڵی خوشکی ناوبراو و پاش دەسبەسەرکردنی ناوبراو، دەستیان بەسەر هەموو مۆبایلەکانی بنەماڵەکەی داگرتووە.
شایانی باسە کە سپیدە قۆلیان لە ڕێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٧، لانیکەم لەگەڵ ١٩ کەس لە چالاکانی مەدەنی و کرێکاریی کۆمپانیای “نەیشەکەری حەوتتەپە” دەسبەسەر کرا و لە ٢٧ی سەرماوەزی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.