جێگری سیاسیی سپای تێرۆریستی پاسداران: ئێستا کاتێکی زێڕینە بۆ بەزیاتر ئیسلامیکردنی زانکۆکانی ئێران.
بەپێێ هەواڵی دۆیچەوێلەی فارسی، جارێکی دیکە زانکۆ و ناوەندە پەروەردەییەکانی ئێران بووەتە بابەتێک بۆ دەستێوەردانەکانی سپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکانی ڕیژیمی ئێران. لەو بارەوە یەدوڵڵا جەوانی، جێگری سیاسیی سپای تێرۆریستی پاسداران دەڵێ: “بە ئیسلامیکردنی زیاتری زانکۆکان لە پێویستییە زەروورییەکانە و ئێستاش سەردەمی سەرۆککۆماریی ئیبراهیم ڕەئیسی هەلی زێڕینە بۆ ئەنجامدانی ئەو گەڵاڵەیە و ئێمە دەبێ بۆ پێشگرتن بە بانگەشەی نەیاران، جیهاد بکەین و ئەوەش تەنیا لە ڕێگەی مەکتەبی قاسم سولەیمانییەوە دەکرێ و گۆڕینی سیستەمی پەروەردەیی لە کۆماری ئیسلامیدا زۆر پێویستە”.
ئەو مۆرەیەی سپای پاسداران داوا لە مامۆستایانی زانکۆ دەکا بە هەر شێوەیەک کە دەکرێ هەول بدەن بۆ بە ئیسلامیکردنی زانکۆکان.
ئەو قسە نازانستییانەی یەدوڵلا جەوانی لە کاتێکدایە کە ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیمیش لە دوایین وتاری خۆیدا باسی لە سیستمی پەروەردە و گەشەی زانستی لە ئێراندا کرد و بانگەشەی سەرکەوتوویی کۆماری ئیسلامی لە بەرهەمهێنانی واکسینی کۆرۆنا کرد؛ ئەو ئیددیعایەی ڕەئیسی لە کاتێک دایە کە تا ئێستاش بەهۆی کەمتەرخەمی و گرینگی پێنەدانی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ دابینەکردنی واکسێنی کۆرۆنا ڕۆژانە بە سەدان کەس بەهۆی تووشبوون بەو پەتایە گیانیان لەدەستدەدەن، کەچێ بەرپرسان و کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە زۆر ڕووهەڵماڵدراوانە باس لە گەشەی زانستی و سەرکەوتن بە سەر ئەو دۆخەدا دەکەن.