سەعید خەتیبزادە، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە هەیئەتی وتووێژی ئێرانی بە زووترین کات دەگەڕێتەوە سەر مێزی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، وتی: تیمی دانوستانکاری ئێمە لەسەر هیچ شتێکی نوێ وتووێژ ناکا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی” ئیسنا” سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی: بڕیار نییە ئیران لەسەر هیچ نووسراوە و ڕێککەوتنێکی نوێ لە ڤییەن وتووێژ بکا و پاش دیاریکردنی تیمی دانوستانکاری ئێران، تەنانەت کاتژمێرێکیش بۆ گەڕانەوە و دیاریکردنی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بەفیڕۆ نادەین.
لە کاتێکدا کە ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی داوایان لە ئێران کردووە کە بە خێراترین کات بگەڕێتەوە سەر مێزی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران دەڵێ: لە ڕۆژانی داهاتوودا چالاکتر دەبین لەهەمبەر دیاریکردنی تیمی وتووێژی ناوکیی ئێران.
هەر لەم پێوەندییەدا حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم، ڕۆژی ڕابردوو بەبێ ئەوەیکە کاتێک بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ دڕێژەی وتووێژەکانی ڤییەن دیاری بکا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن دەسپێدەکاتەوە.