بەرپرسانی وڵاتی یونان دەڵێن: لە ترسی زۆربوونی ڕادەی پەنابەرانی نایاسایی، هێزی سنوورپارێزییەکانیان لەسەر سنووری تورکیە زیاتر دەکەن.
بە وتەی ئەم بەرپرسانە بڕیار وایە ٢٥٠ کەسی دیکە بەو ١٥٠٠ کەسەی کە ئێستا لە هێزی پاراستنی سنوورەکانی ئەو وڵاتە دان، زیاد بکرێن تاکوو پێش بە هاتنی شەپۆلی نوێی ئەو کۆچبەرانەی کە لە شەڕی ئەفغانستاندا ئاوارە بوون، بگرن.
لە سەرەتای ساڵی ڕابردووشدا ئەم هێزانە بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو زیادیان کردبوو و دەوڵەتی یونان دەڵێ کە نزیک بە ٨٠٠ کەسی دیکە بە پێرسۆنێلی سنوورپارێز و بەشی چاوەدێری فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتە زیاد دەکات.
شایانی باسە کە وڵاتی یونان لەماوەی ٢ ساڵی ڕابردوودا سنوورەکانی خۆی قایمتر کردووە و سیاسەتێکی توندی بەرانبەر بە کۆچبەران گرتووەتە پێش، لەوانە خێرایی بەخشین بە کێشانی دیوار لەسەر سنووری وڵاتی تورکیە و دامەزراندنی دامودەزگاگەلێک کە ئیزنی هاتنەژوورەوە بۆ ئەو وڵاتە بە کۆچبەران نادات.
ئەم کردەوانەی وڵاتی یونان بووە بە هۆکاری ناڕەزایەتیی چالاکانی مافی مرۆڤ.
چالاکانی مافی مرۆڤ دەڵێن وڵاتی یونان بەبێ ئەوەی مافی ناونووسین بدات بەو کەسانەی کە داواکاری مافی پەنابەرین لەو وڵاتە، بە زۆر دەریان دەکات و لە بەرانبەریشدا وڵاتی یونان ئەو تاوانانە بە درۆ و ناڕاست لە قەلەم دەدات.