سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ئاماژە بەوەیکە وڵاتەکەی بەدژی هەبوونی هێزەکانی رێژیمی ئێران لە سووریە، هەموو هەوڵێک دەدا، وتی: کێشە و دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە سنوورەکانی باکووری ئیسرائیل دەبێ کۆتایی پێبێت.
نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەیەکدا لەژێر ناوی چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەی “جەولان” وتی: ئیسرائیل چاوەدێری هەموو چالاکییەکانی رێژیمی ئێران لە سووریە دەکا و لە هەر شوێن و جێگایەک کە هەست بکەین بەرژەوەندییەکانمان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە، بێ ڕاوستان وڵامێکی خێرای سەربازیمان دەبێ.
ناوبراو لە درێژەدا بە ئاماژە بەوەیکە ڕێژیمی ئێران بە پەرەپێدانی بنکە سەربازییەکانی لە سووریە دەیهەوێت هێرشی سەربازیی بکاتە سەر ئیسرائیل، وتی: هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ شکستپێهێنانی پڕۆژەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە.