حەسەن نەسروڵا، داوای لە دەوڵەتی لوبنان کردووە کە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە کەمیی سووتەمەنی لە لوبنان، داوا لە ئەمریکا بکا سەرەڕای گەمارۆکانی سەر ئێران، ئیزن بدا کە سووتەمەنی لە ئێرانەوە هاوردەی لوبنان بکرێ.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی” ڕۆیتێرز” حەسەن نەسرۆڵا، ڕێبەری گرووپی حیزبوڵای لوبنان، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، بە ئاماژە بەوەیکە دەوڵەت دەبێ کەمیی کارەبا و دابینکردنی لە سەروی هەموو کارەکانییەوە دابنێ، وتی: ئەو پچرانی کارەبا گشتییەی کە ڕۆژی شەممە بەهۆی ڕاوەستانی کارەکانی دوو لە وزەخانە گەورەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە لوبنان هاتەئاراوە، بۆ لوبنان وەکوو مردنێکی لەسەرەخۆیە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: داوا لە دەوڵەت دەکەم کە ئیزن لە ئەمریکا وەربگرێ، بەڵکوو کۆمپانیا لوبناییەکان بتوانن پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵک لە ڕێگای ئێرانەوە دابین بکەن و بەمجۆرە خەڵک لە قەیران وماڵوێرانی ڕزگار بکەین.
لەلایەکی دیکەوە نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە هاوردەکردنی سووتەمەنی لە وڵاتێکی وەکوو ئێران کە گەمارۆی قورسی لەسەرە، ڕێگەچارەی باش و بەردەوام نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وزە لە وڵاتی لوبنان.