بنکە و مۆڵگەی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە شاری ئەبووکەماڵ لە ناوچەی دێرەزوور هەڵکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی سووریە، کرایە ئامانجی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نەناسراو.
بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، شەوی دووشەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، چەند فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نەناسراو بنکە و مۆڵگەی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیان لە شاری ئەبووکەماڵ نزیک لە سنوورەکانی سووریە و عێراق لە ڕۆژاوای ڕووباری فورات، کردە ئامانجی هێرشەکانیان و خەسارێکی گەورەیان گەیاندۆتە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران.
چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە هەروەها ڕایگەیاند کە لەماوەی یەک حەوتوودا ٤جار هێرش کراوەتە سەر میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە و بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، زیاتر لە ١٨ میلیشیای سەر بە ڕێژیمی ئێران کوژران و بریندار کراون.
جێگای ئاماژەیە کە ماوەیەکە بەردەوام بنکە و مۆڵگەی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە دەکرێتە ئامانجی هێرشی دڕۆنە نەناسراوەکان.