ڕۆژنامەی گاردییەن لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: ئێران تێچوو و پارەیەکی زۆری تەرخان کردووە کە لە ناوچەی ئەلبوکەماڵ لە سنووری نێوان عێراق و سووریە ڕێرەوێکی شیعی بەرەو لوبنان دروست بکات و تێچوویەکی ماددی یەکجار زۆری تاکوو ئێستا لەو ناوچەیە کردووە و هەوڵەکانی تاکوو ئێستاش بەردەوامە.
لە ڕاپۆرتەکەی گاردییەندا هاتووە کە ئەم پرۆژەیە لە سەردەمی قاسم سولەیمانییەوە دەستی پێکرد و ئێستاش ئەم کارە لە ئەستۆی فەرماندەیەکی سپای قودس بە ناوی “حاج عەسکەر”ــە.
ئەلبوکەمال شارێکە لە سووریە کە پێگەیەکی سنووریی گەورەی لەسەر ڕێگای سەرەکیی بەغدا-دیمەشق لێدامەزراوە؛ ئەم ڕێرەوە بەشێکی گرینگ لە ڕێگای زەوینی ڕێژیمە بۆ گەیاندنی ئامێری سەربازی و مووشەکی و باقیی یارمەتییەکانی ڕێژیم بۆ میلیشیاکانی سەر بە سپای پاسداران لە سووریە و لوبنان.
شایانی باسە کە یەکەم جار ڕۆژنامەی “ئابزێروێر” لە ئۆکتۆبری ٢٠١٦ باسی لە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ دروستکردنی ئەم ڕێرەوە بە مەبەستی پێکهێنانی هیلالی شیعە لە ناوچەکە کردبوو.
پاش دەرکردنی داعش لە ئەلبوکەماڵ، میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لەو ناوچەیە نیشتەجێ بوون کە هاوشێوەی داعش کێشەیان بۆ خەڵکی ئەو ناوچە ساز کرد و مەترسییان خستە سەر خەڵکی سوننەی ئەلبوکەماڵ.