دەسبەسەرکرانی ئەو پارێزەرانەی کە بەدژی خامنەیی و ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا سکالایان تۆمار کردووە، بەردەوامە.
سێ کەس لە پارێزان و چالاکانی مەدەنیی دەسبەسەرکراو بە ناوەکانی مستەفا نیلی، ئارەش کەیخوسرەوی و مەهدی مەحموودیان چالاکی مەدەنی، لە نامەیەکدا ڕوو بە هەیئەتی چاوەدێری بۆ پاراستنی مافی شارۆمەندی، نووسیان: ئێمە بەهۆی ئەوەی کە خۆمان بواردووە لە واژۆکردنی بەڵێننامەیەک بۆ وەرگرتنەوەی سکاڵا بەدژی عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران و بەرپرسانی پێوەندیدار بە ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، هەروا دەسبەسەر کراوین.
ئەو سێ کەسە جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێمە بڕیارمان دابوو بە تۆمارکردنی سکاڵانامە لەدژی ڕێبەری ڕێژیم، سەرۆککۆمار، وەزیری تەندروستیی پێشوو و هەروەها هەموو ئەندامانی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و بە تایبەت دادستێنی گشتیی ئێران، کە بەبێ ڕەچاوکردنی ڕێگەچارەیەک بۆ ئەو دۆخە بوون بەهۆی تازیەبار بوونی میلیۆنان هاووڵاتی.
مستەفا نیلی، ئارەش کەیخوسرەوی، محەممەدڕەزا فەقیهی، مریەم فەرئەفزار، لەیلا حەیدەری لە پارێزەرانی دەزگای قەزایی و مەهدی مەحموودیان چالاکی مەدەنی، ڕۆژی ٢٣ی گەلاوێژ لەلایەن کەسانێک کە خۆیان وەک کاربەدەست و بەڕێوەبەری قەزایی ناساندبوو، دەسبەسەر کران و ٢٣ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیران، بەبێ ئەوەی مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان هەبێ.
شایانی باسە کە هەوڵی درەنگ و نابەجێی کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ دابینکردنی واکسێنی کۆرۆنا و قەدەغەی هاوردەکردنی واکسێنی ئەمریکایی و بریتانیایی لەلایەن ڕێبەرێی ڕێژیم و جەختکردنەوە لەسەر بەرهەمهێنانی واکسینی ئێرانی، بوو بەهۆی پەرەسەندنی بەربڵاوی کورۆنا و ژمارەی تووشبوون و گیان لەدەستدان بەو پەتایە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر بەرز بۆوە.