چالاکانی مافەکانی ژنان لە ئەفغانستان بە پێکهێنانی کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە کابول پێتەختی ئەو وڵاتە، داوایان لە گرووپی تاڵیبان کردووە کە بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانی، ژنانی ئەفغانستان بەبارمتە نەگرێ و زۆر بە خێرایی کۆتایی بە بەبارمتەگرتنی ژنان وکچانی ئەفغانی بهێنێ.
چالاکانی ناڕازیی بواری مافەکانی ژنان، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە تاڵیبان کردووە کە ئیزن بە ژنان بدا بگەڕێنەوە بۆ سەر کارەکانیان و زۆر بە خێرایی قوتابخانەکانی کچان کە داخراون لە ئەفغانستان بکرێنەوە و کچانی ئەفغانی بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانەکان.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە تاڵیبان دەبێ پێبەند بێ بە بەڵێنەکانی لەهەمبەر لێبوردنی گشتیی و هەموو دەسبەسەرکراوان بە تایبەتی “عالیە عەزیزی” بەرپرسی بەندیخانەی ژنانی پارێزگای هەرات ئازاد بکا.
جێگای ئاماژەیە کە پێشتر سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی ئەفغانستان ڕفاندی عالیە عەزیزی بەرپرسی بەندیخانەی پارێزگای “هێرات”یان پشتڕاست کردبووەوە و بنەماڵەی ناوبراو لە لێدوانێکدا ڕایانگەیاندبوو کە عالیە ماوەی یەک حەوتوویە کە لە بەندیخانەی ژنانی هرات ڕفێندراوە.