ئانگێلا مێرکێل بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە ئاسایشی ئیسرائیل بۆ هەر
دەوڵەتێک کە لە ئاڵمان بێتە سەرکار زۆر گرینگ و پێویستە وتی: حەوتووگەلێکی زۆر هەستیارمان لە پێوەندی لەگەڵ بەرنامەی ناوکیی ئێران لەبەردەم دایە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی” ڕۆیتێرز” ئانگێلا مێرکێل، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە دوایین سەردانی فەرمیی خۆی بۆ ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئاڵمان بەردەوامە لەسەر بەڵێنەکانی بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی بەرجام لەگەڵ ئێران، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێمە ئیزن بە ئێران دەدەین، ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی.
مێرکێل لە درێژەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتی: ئەگەر وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن نەگا بە ئاکامی دڵخواز، تووشی بارودۆخێکی زۆر ئەستەم و قورس دەبین، بۆیە حەوتووەکانی داهاتوو بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ئێران زۆر هەستیار و چارەنوسسازە.
لەلایەکی دیکەوە نەفتالی بێنێت لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەدا ڕایگەیاند کە ئەرکی هەرە گرینگی ئیسرائیل ئەوەیە کە ئیزن بە ڕێژیمی ئێران نەدا، ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی و کۆمەڵکوژ.
ناوبراو پێشتر لەکاتی دانیشتنی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو کە بەرنامەی ناوکیی ئێران هێڵی سووری تێپەڕاندووە و ئیسرائیل ئیزن نادا کە ڕێژیمی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوکیی.