بڕیارە لەم حەوتوویەدا سێ لایەنی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئیمارات لە ئاستی بەرپرسانی پلە بەرزدا، لەبارەی ڕێژیمی ئێران کۆبوونەوەیەک بەڕێوە ببەن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “فارس” نزیک لە سپای پاسداران، ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممەی حەوتووی داهاتوو، بە ئامادەبوونی “یائیر لاپید” وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و “عەبدوڵا بن زاید” وەزیری دەرەوەی ئیمارات، لەبارەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبوونەوەیەک بەڕێوە دەبەن.
هەواڵدەریی ئاکسیوس لەم بارەوە ڕایگەیاندووە کە ئەم ٣ وڵاتە لەسەر بابەتی ئاڵۆزیی و کردەوە تێکدەرانەکانی رێژیمی ئێران و بابەتی چەکی ناوکیی دانیشتنیان دەبێ.
“ئاکسیوس” ڕایگەیاند کە، بابەتی ڕێژیمی ئێران لە گرینگترین بابەتەکانی ئەو کۆبوونەوەیە دەبێ، هەروەها بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، بلینکێن کۆبوونەوەیەکی سێلایەنە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئیسرائیل و ئیمارات، بەڕێوە دەبات و لە کۆبوونەویەدا، باس لە ئاسایش و ئامنییەتی ناوچەکە دەکرێ و هەوڵ دەدرێ کە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاروباری ناوچەکەدا کەم بکرێتەوە و چیدیکە ڕێگە نەدرێ کە ئەو ڕێژیمە کردەوەی تێکدەرانە ئەنجام بدا.
جێی ئاماژەیە کە، ئەمریکا و ئیسرائیل بەدژی ڕێژیمی ئێران، هاوکارییەکانیان خستۆتەگەڕ و کابینەی نوێی ئیسرائیل دەیهەوێ گەڵاڵەیەک بۆ جێگرەوەی بەرجام بداتە واشینگتۆن و بەو پێیە بەرپەرچی هەموو دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران بدرێتەوە و نەهێڵن ئەو ڕێژیمە دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.