ڕۆژنامەی “جمهووری ئیسلامی”: یارمەتییەکانی ئێران دەگاتە دەستی تاڵیبان نەک خەڵکی ئاسایی و زوڵم لێکراوی ئەو وڵاتە.
ڕۆژنامەی جمهووری ئیسلامی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ڕایدەگەیێنێ کە ئەو یارمەتییانەی کە لە ئێرانەوە بۆ ئەفغانستان دەنێردرێت، ڕادەستی گرووپی تاڵیبان دەکردرێت و ئەو گرووپە بە مەیلی خۆی کەڵکی لێوەردەگرێت و خەڵکی ئاسایی ئەفغانستان هیچ بەهرەیەکی لێوەرناگرن.
بە وتەی ئەو ڕۆژنامەیە ئێران تاکوو ئێستا چوار باری بەناوی یارمەتی بۆ خەڵکی ئەفغانستان ناردووە، بەڵام ئەو بارانە ڕادەستی تاڵیبان کراون.
پێشتر بەرپرسی بەشی ئابووری ڕێکخراوی نێونەتەوەیی خۆراک و دەرمان ڕایگەیاندبوو کە لە سەتا ٥٠ی خەڵکی ئەفغانستان بەهۆی شەڕی تاڵیبانەوە لە ڕۆژدا یەک ژەم خواردنیان هەیە.
ئەم هەواڵە لەو کاتەدا زەقتر دەبێتەوە کە ڕۆژی شەممە ١٧ی ڕەزبەر، “حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان” وەزیری دەرەوەی ڕێژیم، لە سووریە ڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە لەگەڵ تاڵیبان لە پێوەندی دان؛ لەو دیدارەدا کە لەگەڵ “بەشارئەسەد” ڕێکخرابوو ئەمیرعەبدوڵڵاهیان بەم جۆرە سەبارەت بە سیاسەتی ڕێژیم لەگەڵ تاڵیبان دوا: “ئێمە لەگەڵ گرووپی تاڵیبان لە پێوەندی داین و داوای پێکهاتنی دەوڵەتێکی گشتگیرمان لە تاڵیبان کردووە و هاوکارییان دەکەین.”