لە ئێرانی ژێر دەسەلاتی کۆماری ئیسلامی، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، لانیکەم ٢٦٦کەس لە شوێنە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە لەسێدارە دراون، ئەو ژمارەیە بە بەراورد بە دوو ساڵی ڕابردوو سەتا ١٠ زیادی کردووە.
ڕۆژی شەممە ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، هەواڵدەریی هرانا بەبۆنەی “١٨ی ڕەزبەر” ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی ئێعدام، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و نووسیویەتی: سزای لەسێدارەدان لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو وڵاتە، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، بە نیسبەت دوو ساڵی ڕابردوو سەتا ١٠ زیادی کردووە و ئەوانەی کە لەسێدارە دراون، زۆربەیان تەمەنیان خوار ١٨ساڵ بووە و ڕێژیمی ئێران پێبەندی یاسای نێودەوڵەتی نەبووە لەو بارەوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای لەسێدارەدانی بۆ کوڕان کردووتە ١٥ساڵ و بۆ کچانیش ٩ساڵ، ئەوە لە حاڵێکدا کە، کۆنوانسیۆنەکانی نێونەتەوەیی وەکوو مافی منداڵان، تەمەنی هەر دوو ڕەگەزی بۆ سزادان کردووە بە ١٨ساڵ؛ بەلام کۆماری ئیسلامی ڕەچاوی ئەو یاسایە ناکا و تەنانەت بەشێوەی مەرجدار ئەو یاسایەی قەبووڵ نەکردووە و بەپێچەوانە ئامارەکانی سزای لەسێدارەدان سەتا ١٠ زیادی کردووە.