ئەرتەشی یەمەن بە پشتیوانیی هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی ڕووبەڕووی هێرشێکی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای مەرئەب بوونەوە و لە ئاکامدا ١٦ میلیشیای حووسی کوژران.
ئەرتەشی یەمەن ڕۆژی شەممە ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە بە پشتیوانیی هێزە هاوپەیمانە عەرەبییەکان توانیویانە بەرپەرچی هێرشێکی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن لە ڕۆژاوای پارێزگای مەرئەب بدەنەوە و بە هاوکاری فڕۆکە شەڕکەرەکانی هێزی هاوپەیمانی عەرەبی توانیومانە خەسارێکی گەورە بە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بگەیێنین و زیاتر لە ١٦ کەس لە میلیشیاکان کوژراون و بە دەیان کەسیش برینداربوون.
جێگای ئاماژەیە کە پێشتر دەوڵەتی یاسایی یەمەن ڕایگەیاندبوو کە میلیشیا حووسییەکانی سەر بە رێژیمی ئێران بە بڕیاری بەرپرسانی تاران هەموو هەوڵێک بۆ چارەسەری کێشەکان لە ڕێگەی وتووێژەوە ڕەت دەکەنەوە و بەردەوام هێرش دەکەنە سەر خەڵکی مەدەنی لە یەمەن.