پێش لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا کە ڕۆژی یەکشەممە بەرێوە دەچێ، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕوو بە خەڵکی عێراق وتی: ئەم هەڵبژاردنانە دەرفەتێکی باشە بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی بەهێز بۆ دابینکردنی دادپەروەری و چاکسازیی لە عێراقدا.
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، ڕۆژی شەممە ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە هەڵبژاردنە پێشوەختەکانی عێراق بۆ ئەو وڵاتە چارەنووسسازە، وتی: دەستەبەرکردنی ڕێککەوتنێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نوێ بەبێ پێکهێنانی پەرلەمانێک کە خواستی خەڵکی عێراق بێت، زۆرئەستەمە و مسۆگەر نابێت.
ناوبراو لەدرێژەدا ڕایگەیاند کە پەرلەمانی عێراق دەبێ بێ ساختەکاری بە دەنگی خەڵک نوێنەرایەتی خەڵکی هەموو عێراق بکا و هەڵبژاردنەکان لە ڕۆژی یەکشەممەدا دەبێ ببێتە گرینگترین ڕووداوی نەتەوەیی بۆ چاکسازیی و پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق.
بەرهەم ساڵح هەروەها لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە هەڵبژاردن دەبێ پەیامێکی ڕوونی بۆ هەموو جیهان تێدابێ و سەلمێنەری ئیرادەی خەڵکی عێراق بۆ گەڕانەوەی ئەو وڵاتە بۆ پێگە ناوچەییەکەی بێ و بەشداریکردنی خەڵکی عێراق لە هەڵبژاردنەکاندا دەرفەت لە کەسانی هەلپەرەست دەستێنێ و چارەنووسی عێراق دیاری دەکا.