ماڵپەڕی فری بێیکن: ئێران بە پێشگرتن لە لێکۆڵەرانی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی و هاوکات بردنەسەری ئاستی بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی پیتێندراو، ڕێگەی بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی قورستر دەکا.
ماڵپەڕی فری بێیکن، ڕۆژی شەممە ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئێران دەڵێ: ئێمە دەمانهەوێت کێشەکانمان لە ڕێگەی دیپلۆماتیکەوە چارەسەر بکەین، بەڵام لەلایەکی دیکەوە ڕێژیمی ئێران بە پێشگرتن لە لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی و هەروەها بردنەسەری ئاستی بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی پیتێندراو و کێشەکانیان لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە، ڕێگەی دیپلۆماسی و دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی قورستر دەکا.
جێگای ئاماژەیە کە لەکاتی هاتنەدەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوکیی لە ساڵی ٩٧ی هەتاوی لە دەوڵەتی “ترامپ”دا، تاران بە سەدانجار لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە تووشی کێشە بووە و بە پێشێلکردنی بەڵێنە ناوکییەکانی و بەرهەمهێنانی ڕادەیەکی زۆر ئۆرانیۆمی پیتێندراو، نزیک بووەتەوە لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی.
پێشێلکارییە بەردەوامە ناوکییەکانی ئێران، کاردانەوەی نێونەتەوەیی لێکەوتۆتەوە و وڵاتانی ئورووپایی مانگی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە پێشێلکارییەکانی ئێران بەردەوام زەربە لە ڕەوتی وتووێژەکان دەدا و دەبێ بە خێراترین کات بگەڕێتەوە بۆسەر مێزی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا وتی: ئێمە پێبەندین بەوەیکە کێشەکانمان لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە لەگەڵ ئێران چارەسەر بکەین، بەڵام دەبێ ئێران ئەوش بزانێ کە دەرگای وتووێژەکان بەڕووی ئەو وڵاتەدا بەردەوام کراوە نییە و داوا لە ئێران دەکەین کە ئیزن بە لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە بۆ سەردانی دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران بدا و بە خێراترین کات بگەڕێتەوە سەر مێزی وتووێژە ناوکییەکان.