هێرشی تورکیە بۆ ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هێزە کوردییەکان لە سووریە بە هێرش بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا دەزانێ و ئەمەش تورکیە زیاتر تووڕە دەکا.
دوای ئەوەیکە هەوڵی بە تێرۆریست ناساندنی گورگەبۆرەکانی تورکیە لە ئەمریکا بە شێوەیەکی جیددی بەدواداچوونی بۆ دەکرێ و تورکیە ناڕەزایەتیی دەربڕی، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند هێرشی نیزامی تورکیە بۆ سەر ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هێزە کوردییەکان و ڕۆژئاوای کوردستان مەترسیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و ژیانی منداڵان و کەسانی مەدەنی دەخاتە مەترسییەوە و هەروەها ڕاستەوخۆ بە مەترسی بۆسەر ئەمنییەتی ئەمریکا دادەنرێت.
جۆ بایدێن لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسانی کۆنگرە و سێنای ئەمریکا بە بۆنەی
درێژکردنەوەی بارودۆخی نائاسایی لە سووریە، ڕایگەیاند کە هەڵسووکەوتی تورکیە لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هێزە کوردییەکان کارێکی تێکدەرانە و بە دوور لە هەموو بنەما و پڕنسیبێکە.
بایدێن لەو نامەیەدا کە لە وێبسایتی کۆشکی سپیدا داندراوە ئاماژەی بەوە کردووە کە: هەڵسووکەوتی تورکیە لە ڕۆژئاوای کوردستان هێرشی نیزامییە و گیانی کەسانی مەدەنی و منداڵان دەخاتە مەترسییەوە و هەروەها ئەو هەوڵانەی بۆ لە نێوچوونی داعش و هێزە توندئاژۆکانی دیکە دەدات دەخاتە مەترسیەوە.