بەهۆی تەقینەوەیەک لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شێعەکانی شاری “کۆندۆز” لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، ١٠٠ کەس کوژراون و ١٤٠کەسی دیکەش بریندار بوون.
ڕۆژی هەینی ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی گرووپی تاڵیبان، لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی ئەو تەقینەوەیە، لە تویتێری خۆی نووسیویەتی؛ لە کاتی نوێژی هەینیدا لە مزگەوتی شیعەکانی شاری “کۆندۆز” تەقینەوەیەک ڕووی داوە و بەو هۆیەوە ١٠٠کەس گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە ١٤٠کەسی دیکەش بریندار بوون، هۆکاری ئەو رووداوە هێرشی خۆتاقاندنەوە بووە بەڵام تا ئێستا هیج لایەنێک بە ئەستۆی نەگرتووە.
جێگای ئاماژەیە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لیدوانەکانیاندا بوونی دەسەڵاتی تاڵیبان وەکوو هەلێک بۆ دەسەڵاتی خۆیان وبە تایبەت بۆ ئاخوندەکانی ئێران دەبینن، هەرلەم پێوەندییەدا غوڵامڕەزا مسباحی مۆقەدەم، ئەندامی شۆرای باڵای بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند کە دەسەڵاتی تاڵیبان بۆ ئاخوندەکانی ئێران هەلێکی گەورە و بەرچاوە.