لە سەر بانگەوازی کۆمەڵەی کولتووری کوردستان (ئاسک)، خۆپیشاندانێک بۆ کوردانی هەر چوارپارچەی کوردستان لە شاری ستراسبورگی فەرانسە و لە بەر دەم شۆرای ئورووپا بەرێوە چوو.
ئامانج لەو گردبوونەوەیە، دەربڕینی رقو بێزاریی سەبارەت بە هەڕەشەکان و هێرشی ناڕەوای سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر تێکۆشەرانی رۆژهەڵات و هۆشداریدان بە نیسبەت ئەو هەوڵانەوە بوو کە بۆ هەڵکەندنی کوردانی سیاسی پەنابەری ئەو بەشەی نیشتمان کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، لە ئارادایە و لە هەمان کاتدا پێداگری لەوە کردەوە کە کوردستان یەک نیشتمانە و نابێ رێگە بدەین کە دوژمنان بە سیاسەتی دووڕوویانە، تۆوی دووبەرکی و ناکۆکی لە نێوان رۆڵەکانیدا بڵاو بکەنەوە.
شایانی باسە کە بە پێی هاواهەنگی پێشتر لە گەڵ بەرپرسانی ئیداری و ئەمنیەتی شارەکە، هەیئەتێکی ئیداری هاتنە ناو خۆپیشاندەران و دۆسیەی ئامادەکراوی خۆپیشاندانیان لە دەستەی بەڕێوەبەری کەمەڵەکە وەرگرت کە بریتی لە راپۆرتە هەوڵێک دەربارەی ئامانجی کۆبوونەوەکە و بەیاننامەی داواکارییەکان بوو.
دواترئەو هەیئەتە گەڕانەوە و دڵنیایی ئەوەیان دا کە دۆسیەکەیان بە سکرتاریای شووڕای ئورووپا، پارلمان و ناوەندی مافی مرۆڤی ئورووپا گەیاندووە.
بەشێک لەدواکارییەکانی کۆمەڵی کولتووری کوردستان ڕووبە دامو دەزگاکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەت ناوەندی شۆرا و پارلمانی یەکیەتی ئورووپا بریتی بوون لەوەیکە، سنوورێک بۆ دەستدرێژییەکانی حکومەتی سەرەڕۆی تاران دەستنیشان بکەن.توانای دیپلۆماسیی خۆیان بۆ رێگریکردن لە رێکەوتنی دژە مرۆیی دەوڵەتانی ئێران و عێراق بە کاربهێنن.مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە فەرمی بناسن و پشتیوانی لێبکەن.هەوڵی پاراستنو ئاسایشی پەنابەرانی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان بدەن کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.