فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا ناوەندی ڕاهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانیان لە بنکەی سەربازیی” تی فۆڕ” لە پارێزگای حۆمس کردە ئامانج.
بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، شەوی هەینی ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل ناوەندی ڕاهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانیان لە بنکەی سەربازیی ‘تێ فۆڕ” لە پارێزگای حۆمس و هەروەها مۆڵگەیەکی میلیشیاکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانیان لە شاری ئەبووکەمال لە پارێزگای دێرەزوور کردە ئامانج و لە ئاکامی ئەو هێرشەدا چەندین چەکداری سەربە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران کوژران.
چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە کە دەفتەری ناوەندییەکەی لە شاری” لەندەن”ـە لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە لە ئاکامی هێرشی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆسەر چەندین بنکە و مۆڵگەی سەربازیی سپای پاسدارنی ڕێژیمی ئێران لە سووریە، چەندین کەس لە هێزەکانی سەر بە سپای قودس کوژران وبرینداربوون.
جێگای ئاماژەیە کە یائێرلاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل مانگی ڕابردوو لە سەردانێکیدا بۆ مسکۆ ڕایگەیاندبوو کە تائەوکاتەی ڕێژیمی ئێران لە سووریە بوونی هەبێ ئەو وڵاتە سەقامگیریی وئاسایش بەخۆیەوە نابینێ و هەروەها ئیسرائیل لەهەمبەر بوونی هێزەکانی سپای پاسداران لەسەر سنووری وڵاتەکەی دەست بەسراو نییە و ئیزن بە میلیشیاکانی سەربە ڕێژیمی ئێران نادا کە بەدژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل چووکەترین جموجوڵیان هەبێ.