کۆمەڵێک لە ئەندامانی بنەماڵەی قوربانیانی ئەشکەنجە لە ئێران، داوای دەسبەسەرکرانی ئیبراهیم ڕئیسی، سەرۆککۆماری ئێرانیان لەئەگەری بەشداربوون لە کۆنفرانسی ئاڵوگۆڕی ناوچەیی گلاسکۆ، داوە بە بەرپرسانی ئاسایشی ئێسکاتلەند.
ڕۆژنامەی بریتانیایی”تایمز” لەزاری نائۆمی ماکۆلی، بەرپرسی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ئێسکاتلەند، ڕۆژی هەینی ١٦ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە بەڵگەگەلێکی لەبەردەستدایە کە دەیسەلمێنێ ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، دەور ونەخشی ڕاستەوخۆی لە کوشتارە بەکۆمەڵەکانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لە ئێران هەبووە.
ئەمریکا،وڵاتانی دیکە و زۆربەی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان ئیبراهیم ڕەئیسییان بە ئەشکەنجە و ئێعدامی بەکۆمەڵ، بێ لێپرسینەوە و دادگاییکردنی بەندکراوانی سیاسیی دەیەی ٦٠ی هەتاوی لە ئێران تۆمەتبار کردووە و وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە ساڵی ٩٨ی هەتاوییەوە بەهۆی دەور و نەخشی ڕاستەوخۆی ڕەئیسی لە ” هەیئەتی مەرگ”دا لە ساڵی ٦٧ی هەتاوی و سەرکوتی خوێنینی بزوتنەوەی سەوز، گەمارۆی قورسی نێونەتەوەیی خستۆتەسەر ناوبراو.
شایانی باسە کە بیست و شەشەمین دانیشتنی ئاڵوگۆڕی ناوچەیی لە کۆتایی ئەم مانگە لەشاری گلاسکۆی ئێسکاتلەند بە بەشداریی بەرپرسانی وڵاتانی جیهان بەڕێوە دەچێ وبەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ترسی ئەوەیان لێنشتووە کە پۆلیسی ئینتێرپۆل و دادگاکانی وڵاتانی دیکە داواکاریی بنەماڵەی قوربانیانی ٦٧ قبووڵ بکەن و سەرۆککۆماری ئێران دەسبەسەر بکەن.