نرخی ئاوسانی ئابووری گەیشتە نیزیک سەتا ٦٠، بارودۆخێکی تایبەت کە لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانییەوە لە ئێران وێنەی نەبیندراوە.
ئەندامانی شوڕای بەرزی کار دەڵێن توێژی کرێکاران و مووچەخۆران و چینی هەژاری کۆمەڵگە قوربانیی سەرەکیی ئەو بارودۆخەن و دەبێ حەقدەستەکان زیاد بکرێن، بەڵام تیمی ئابووریی رەئیسی ملیان بۆ ئەو داوایە ڕانەکێشاوە و دەڵێن بە چوونەسەرێی حەقدەستەکان نەختێنەیی وڵات زیاد دەکا و ئاوسان ئەوەندەی دیکەش هەڵدەکشێ.
ئاوسانی ئابووریی لەڕادەبەدەر و دابەزینی بایەخی دراوی نیشتمانی توانای کڕینی خەڵک لە ئێرانی بە هەرە لانیکەمی خۆی گەیاندووە، بەجۆرێک کە لانیکەمی حەقدەستەکان بۆ ساڵی ١٤٠٠ کەمتر لە سێ میلیۆن تمەنە، کەچی هێڵی هەژاری سێ هێندەی ئەویە و داهاتی بنەماڵەیەکی کرێکار تەنیا بەشی حەوتوویەکیان دەکا.
بەپێی ئامارەکانی بازاڕ لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا نرخی خواردەمەنییە سەرەکییەکانی خەڵک وەک نان و ڕۆن و شەکر و برینج لە سەتا ٣٠ هەتا سەتا ٩٠ زیادی کردووە.