ئەنستیتۆی زانست لە شاری ئیلام دەستی بە وەرگرتنی ئەندام و ناوتۆمارکردن لە چوارچێوەی ١٠ بەشدا کردووە.
کامەران ڕەحیمی بەڕێوەبەری ئەنستیتۆی “زانست”ی ئیلام، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەنستیتۆی زانست دوو مۆڵەتی وەرگرتووە و پاش دوو دەیە بەدواداچوون لە وڵامی پێویستییەکانی ئەمڕۆکەی کۆمەڵگا و لەسەر داوای ڕای گشتی و داواکارییە فەرهەنگییەکانی هاووڵاتییانی کورد لە ساڵی ١٤٠٠دا، بە ئامانجی “بەرهەمهێنانی بابەتی زانستی و فێرکاری” بۆ سەرخستنی کەرتی هونەر و زانست دامەزراوە.
ناوبراو وتیشی: ئەنستیتۆی زانست خاوەنی ١٠ دێپارتمانە و هەر ئەندامێک دەتوانێت ببێتە ئەندامی هەر دوو بەشەکە و هەر بەشێکیش خاوەنی ٥ ئەندامی سەرەکییە.
ئەو توێژەرە کوردە زیادیشی کرد: بەشی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکان و بەدواداچوون بۆ کاروباری ئیداری و نامەکان، کارنامەکان و دابەشکردنی بەرهەمە کەلتوورییەکان و بەرنامەگەلێکی دیکە وەک سەفەری زانستی و کۆنفڕانس و هەروەها بەشی دارایی و بەشی فێرکاری و بەشی لەچاپدان و بەشی وشەسازی، کۆی بەشەکانی ئەنستیتۆی زانستن.