خستنەبەرباسی بە تێرۆریست ناساندنی گروپی “گورگە بۆر”ــەکانی تورکیە لە لایەن ئەمریکاوە تورکیە تووڕە دەکا.
ڕۆژنامەی “میدێل ئیست ئای”، لە ڕاپۆرتێکدا باس لەوە دەکات کە کۆنگرەی ئەمریکا مانگی ڕابردوو گەڵاڵەیەکی پشتیوان بۆ بوودجەی بەرگریی ئەو وڵاتە پەسەند کرد کە تیایدا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داواکراوە لێکۆڵینەوە لە هەڵسووکەوتەکانی گروپی گورگە بۆرەکانی تورکیە کە بەستراوە بە پارتی ” نەتەوەیی” تورکیەن بکرێ و ئەگەر کردەوەکانیان بە کردەوەی تێرۆریستی و دژ بە قازانجی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ناسرا، وەکوو گروپێکی تێرۆریستی بە دنیا بناسێندرێ.
سەرچاوەکانی نزیک لە کۆنگرە ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم گەڵاڵە بە کۆی دەنگی گشتیی لە کۆنگرە پەسەندکرا و کەمترین بەرەنگاریی لەگەڵدا کرا و ڕەنگە بە هەمان شێوە لە سێنای ئەمریکاش دەنگ بێنێتەوە کە لەو حاڵەتەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەبێ لە ماوەی ١٨٠ ڕۆژدا ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بەو گروپە توندئاژۆیە ئاراستەی کۆنگرە بکاتەوە.
جێی ئاماژەیە کە ئەم گروپە لە ماوەی بوونی خۆیدا تاوانی زۆری دژ بە کەس و بنەماڵە کوردەکانی دانیشتووی شارە تورکنشینەکانی وەکوو ئانکارا و ئێستانبووڵ و باقی شارەکان ئەنجام داوە و کە بە بۆنەی پشتیوانی دەوڵەتی حاکم و هێزی چەکداری و یاسای ئەو وڵاتە تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکیان لێنەکراوە.