بەرپرسێکی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران، ئیسرائیلی بەوە تاوانبار کردووە کە لە وڵاتانی دەوروبەری ئێران وەکوو ئامرازێک بۆ گوشارخستنە سەر ڕێژیم لە ئێران کەڵک وەردەگرێ.
“ڕەسووڵ سەناییڕاد” ئیسرائیلی بەوە تاوانبار کردووە کە خەریکە ئاگری شەڕ لە نێوان ڕێژیمی ئێران و وڵاتانی دەوروپشتی دەنێتەوە و لەو وڵاتانە وەکوو ئامرازێک بۆ گوشار خستنە سەر ڕێژیمی ئێران کەڵک وەردەگرێ.
لە درێژەی وتەکانیدا سەنایی ڕاد، جێگری سیاسیی عەقیدەتیی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم ئاماژەی بەوە کردووە کە مانۆڕەکانی ئەم دواییانەی ئێران هەڕەشە بوو لە ئیسرائیل و ئەو دەوڵەتانەی کە لە پشتەوە هانی وڵاتانی وەک ئازەربایجان دەدەن.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە لێدوانی بەرپرسان و ڕۆژنامەکانیدا لە هێرش بۆ سەر ئازەربایجان خۆی بواردووە و پاش سەفەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ڕووسیە، هەڕەشە و هێرشەکان جارێکی دیکە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان و حیزبە سیاسییە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە.