ڕۆژنامەی ئەلرای ئەلیەوم بڵاوی کردەوە کە مۆرەکانی مووسادی ئیسرائیل لە سووریە ژێنێڕاڵیکی ئێرانیان ڕفاندووە و دوای لێپرسینەوە ئازادیان کردووە.
ڕۆژنامەی عەرەبی زمانی ئەلرای ئەلیەوم، کە لە لەندەن بڵاو دەبێتەوە ڕایگەیاند: کە بە بڕیاری سەرۆکوەزیری ئیسرائیل لە چالاکییەکی نوێدا بۆ دڵنیابوونەوە لە چارەنووسی یاریدەری فڕۆکەوانی ونبووی ئیسرائیلی، هێزەکانی مووساد ژێنێڕاڵێکی ئێرانیان لە سووریە ڕفاندووە.
ئەو ڕۆژنامەیە ڕۆژی سێشەممە ١٣ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، وتی: هێزەکانی مووساد مانگی ڕابردوو ژێنێڕاڵێکی خانەنشینکراوی ئێرانیان بردۆتە وڵاتێکی ئافریقایی و لەوێ سەبارەت بە “ڕوون ئاراد” یاریدەری فڕۆکەوانە ونبووە ئیسرائیلییەکە لێپرسینەوەیان لێکردوە.
نەفتالی بنێت، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕەزبەر، لە لێدوانێکدا لە پەرلەمانی ئیسرائیل وتی: کە ئەندامانی مووساد چالاکییەکیان بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە زانیاری نوێ بۆ دڵنیابوونەوە لە چارەنووسی ڕون ئاراد، ئەنجامداوە و کە چالاکییەکی بوێرانە بووە و یارمەتی داین تاوەکوو بزانین کە چارەنووسی ڕوون ئاراد، چی لێهاتووە.
ڕۆژنامەی ئەلرای ئەلیەوم، لە درێژەدا نووسی: “کە ئەو ژێنێراڵەی کە لەلایەن مۆرەکانی مووسادەوە لە سووریە ڕفێندراوە، پاش لێپرسینەوە سەبارەت بە ڕوون ئاراد، ئازاد کراوە و ڕێژیمی ئێران دوای ئەوەی کە ناوبراو ئازاد کراوە بەو هەواڵەیان زانیوە.