چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێن لانیکەم ١٩ کەس لە بەشداربووانی کۆنکووری ئەمساڵ تاکوو ئێستا بە هۆکاری “بەهایی بوون” لە خوێندن بێبەشکراون و کاربەدەستانی ڕێژیمیش بۆ پاساوی ئەو ناحەقییە لە پەسەندکراوێکی شۆرای باڵای فەرهەنگی بۆ شەرعییەتبەخشین بەم کارە کەڵک وەردەگرن کە هیچ بنەمایەکی مرۆیی نییە.
هەواڵدەریی هرانا ناوەندی هەواڵی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران، کە پێشتر لیستێکی ٨ کەسی لەو بەهاییانەی وا لە خوێندن بێبەش کرابوونی بڵاو کردبووەوە، لیستێکی نوێی بڵاو کردووەتەوە کە بەپێی ئەو لیستە ئەم کەسانە بۆ ١٩ کەس زیادیان کردووە.
لە ڕاپۆرتێکی هرانادا کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاو بووەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە “سازمانی هەڵسەنگاندنی ئێران” هۆکاری بێبەشبوونی ئەو کەسانە لە خوێندن دەگەڕێنێتەوە بۆ کێشەگەلێکی وەکوو “کەموکوڕی لە پەروەندە” و “لێکۆڵینەوە لە پەروەندە”، بەڵام دواتر دەردەکەوێت کە هۆکاری سەرەکی بەهایی بوونی ئەو کەسانەیە.
شایانی باسە کە لە چوارچێوەی ڕێژیمی ئیسلامیدا ئەم ڕەوتە زاڵمانەیە بوونێکی مێژوویی هەیە و لە ساڵانی پێشووشدا بەشدارانی کۆنکوور و خوێندکاران بەهۆی بەهایی بوون یان بیروبڕوای جیاوازی دیکە لە درێژەدان بە خوێندن بێبەش بوونە.