“فڕانسیس هاگێن”، لە بەرپرسانی پێشووی بەشی ئامادەکاریی “فەیسبووک” کە لەم دواییانەدا دەستیکردووە بە ئاشکراکردنی نهێنییەکانی “فەیسبووک”، لە کۆبوونەوەیەکی پرسیار و وڵامی کۆنگرەی ئەمریکادا، ئاماژەی بە شوێنپێی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە وەکوو ئامێرێکی سیخوڕی کردووە و وتوویەتی کە ئێران و چین لە فەیسبووک بۆ کاری سیخوڕی کەڵک وەردەگرن.
فەیسبووک پاش ئەوەی کە ڕۆژی دووشەممە بۆ ماوەی ٦ کاتژمێر تووشی کێشە و بڕان هات، بایەخی بە ڕێژەیەکی زۆر دابەزی و بۆ جارێکی دیکە بەوە تاوانبار کرا کە ناتوانێت هەرێمی تاکەکەسی ئەو کەسانە کە کەڵکی لێوەردەگرن، بپارێزێ.
ئێستا “هاگێن” دەڵێ کە ئێران و چین لە فەیسبووک بۆ کۆکردنەوەی ئاماری دژبەرانی خۆیان کەڵک وەردەگرن. لە ڕاپۆرتێکی “سی ئێن ئێن”یشدا جەخت لەسەر ئەوە کراوە کە دەوڵەتانی بیانی لە ڕێگای فەیسبووکەوە هەڕەشە دەخەنە سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئامریکاوە.
شایانی باسە کە پێشتریش ئێران و چین بەوە تۆمەتبار کراون کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو فەیسبووک بۆ دەسپێڕاگەیشتن بە زانیارییە نهێنییەکانی دژبەرەکانیان و دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کەڵک وەردەگرن.