ڕێکخراوی زانیارییەکانی ئەمریکا کە ناسراوە بە ڕێکخراوی” سیا”، لە پەیامێکی زۆر نهێنیدا بە سیخوڕەکانی خۆی لەهەموو جیهاندا، ڕاگەیاندووە کە ئێران و چین لە ڕێگەی هەککردنی زانیارییە پولێنبەندی کراوەکانی ئەو ڕێکخراوەیە، زۆربەی سیخۆڕەکانی ئەو ڕێکخراوەیان کوشتووە و یان بە بارمتەیانی گرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی” دەیلی میلی” کە ڕۆژی سێشەممە ١٣ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاوکراوەتەوە، لەو پەیامە نهێنییەدا ناوەندی دژەسیخوڕیی ڕێکخراوی سیا ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، ئێران و چین لە ڕێگەی” ئێسکەن بیۆمێتریک” بۆ ناسینەوەی نەفەر و هۆشی دەستکرد توانیویانە ئەفسەرانی ڕێکخراوی هەواڵگری سیا ببیننەوە و زانیارییە پۆلێنبەندی کراوەکان هەک بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیە، هێندێک لە بەرپرسانی باڵای ئەمنییەتی ئەمریکا لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەمریکاییە هەڵاتووەکان، زانیارییەکانیان داوە بە ناوەندە دژەسیخوڕییەکانی وڵاتانی ئێران وچین و لەو ڕێگەیەوە دەتوانن کارمەندانی ڕێکخراوی زانیاریی و سیخوڕیی ئەمریکا “سیا” ببیننەوە و لەنێویان بەرن.
بەرپرسانی ئەمریکایی لەم پێوەندییەدا دەڵێن: کەسێکی وەکوو” ئاڵفرێد ویت” گرووبانی پێشووی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا کە ساڵی ٢٠١٩ی زایینیی هەڵهاتووە بۆ ئێران، تۆمەتبارە بە گواستنەوە و دزینی زانیارییە پۆلێنبەندی کراوەکان و پێدانی ئەو زانیارییانە بە ڕێژیمی ئێران.