بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتی ئێران بە ئاماژە بە گەڕانەوەی تاران بۆ وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرقاڵی پەرەپێدان بە بەرنامەی ناوکییە و هیچ پەلەیەکی بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی وتووێژەکان نییە.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتی ئێرانەوە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابێ، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئەو بەرپرسە باڵایەی دەوڵەتی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئێران لە کۆتاییدا دەگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، بەڵام لە ئیستادا کات بە قازانجی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێپەڕ دەبێ.
شایانی باسە کە پێشتریش عەلی خامنەیی ڕایگەیاندبوو کە بۆ گەرانەوە بۆ سەر مێزی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، هیچ پەلەیکمان نییە و هەر لەم پێوەندییەدا” مەئیر جاودانفەڕ” مامۆستای زانکۆی” ڕایشمەن”ی ئیسرائیل دەڵێ: خامنەیی لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەگەر زیاتر چاوەڕوان بێ، ڕێککەوتنێکی باشتر و باجێکی زیاتر لە وڵاتانی زلهێز بە قازانجی ئێران وەردەگرێ.