سەرەڕای جەختکردنەوە بەردەوامەکانی بریتانیا لە بە فەرمی نەناسینی حکومەتی نوێی تاڵیبان لە ئەفغانستان، دەوڵەتی بریتانیا ڕایگەیاند کە هەیئەتێک لە بەرپرسانی وڵاتەکەی چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ ڕێبەرانی گرووپی تاڵیبان لە کابول هەبووە.
نێردراوی تایبەتیی بریتانیا، سایمۆن گێس، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی ڕەزبەری١٤٠٠ی هەتاوی، ئامانجی لە سەردان و چاوپێکەوتنی لەگەڵ ڕێبەرانی تاڵیبان لە کابول، بۆ ئەوە گەڕاندوە کە بریتانیا دەیهەوێت ئەفغانستان نەبێ بە ناوەندێک بۆ تێرۆریستە توندئاژۆکان.
سایمۆن گێس، نێردراوی تایبەتیی بریتانیا بۆ ئەفغانستان ڕایگەیاند کە لە چاوپێکەوتنەکەماندا لەگەڵ “مەولەوی ئەمیرخان، مەلا عەبدولغەنی، بەرادەر ئاخوند و مەولەوی عەبدولسەلام” ڕێبەرانی تاڵیبان، لەهەمبەر پێشگرتن لەوەیکە ئەفغانستان ببێتە پەناگە و حەشارگەیەک بۆ تێرۆریستە توندئاژۆکان، قسەمان کردووە و لە درێژەدا جەختمان لەسەر پاراستنی مافی کەمینە ئایینییەکانی ئەفغانستان و مافی ژنان و کچان لەلایەن تاڵیبانەوە کردۆتەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئێمانۆئێل ماکرۆن، سەڕۆککۆماری فەرانسە جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە دانیشتنی داهاتووی سەرانی گرووپی ٢٠ لە شاری ڕۆم، دەبێ پەیامێکی ڕوونی بۆ تاڵیبان و مەرجەگەلێکی بۆ وەرگرتنی تاڵیبان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا هەبێ.
ماکرۆن ڕۆژی سێشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕادیۆ” فرانس ئەنتێر” وتی: ئەو مەرجگەلە دەبێ مافی یەکسان و بەرابەر بۆ ژنان، ئیزن دان بە درێژەی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان و ڕاوستانی هاوکاری و پێوەندییەکانی تاڵیبان لەگەڵ گرووپە تێرۆریستەکان، لەخۆبگرێ.