کۆمەڵیک لە بەرپرسانی ئەمریکایی بۆ تاوتوێکردنی ڕێکارگەلێکی دیکە لە ئەگەری شکستی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، وتووێژ و چاوپێکەوتن لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکانیان دەکەن.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکاییەوە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بێ، ڕایگەیاند کە “ئەیاڵ هۆلاتا” ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە بۆ چاوپێکەوتن و وتووێژ لەهەمبەر ڕێکارە جێگرەوەکان لە ئەگەری شکستی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لەگەڵ ئێران، دەچێتە واشینگتۆن و لەگەڵ جەیک سالیوان، تاوتوێی پێشهاتەکان دەکەن.
بە وتەی ئەو بەرپرسە ئەمریکاییە، لەم چاوپێکەوتنەدا هەر دوو تیمی ئیسرائیلی و ئەمریکایی، ئاڵوگۆڕی زانیاریی لەهەمبەر دوایین پێشکەوتنەکانی بەرنامەی ناوکیی ئێران دەکەن و ئەو ڕێکارگەلەی کە پاش شکستی دیپڵوماسی لەگەڵ ئێران دەبێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕێژیمە بیگرنەبەر، دێتە بەر باس و ئەو دوو وڵاتە خۆیان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە دەکەن.
ئەو بەرپرسە ئەمریکاییە لە درێژەدا بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە کە لە دانیشتنەکەدا تیمی ئەمریکایی جەختیان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیپڵوماسییەوە کردۆتەوە، بەڵام ئەوەشیان زیاد کردووە کە ئەمریکا هیچ کات ئیزن نادا وڵاتێک وەکوو ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی.
ئەو بەرپرسە ئەمریکاییە لە کۆتاییدا بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە کە ئەگەری هێرشی سەربازیی پاش شکستی دیپڵوماسی لەگەڵ ئێران یەکێک لە ڕێکارە هاوبەشەکانمان لەگەڵ ئیسرائیلە بۆ ئەوەیکە ئیزن نەدەین ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی.