کچی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی “زیبا وێردی” بەهۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆناوە لە شاری سلێمانی، ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، خاتوو زیبا وێردی، کچی شەهید “مەلا ڕەحیم وێردی” و هەروەها خوشکی شەهید “مەلا قادر وێردی” شەهیدی ڕێگای ڕزگاری کوردستان، بەهۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆناوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی، دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە کەسوکار و ڕێبازی پیرۆزی شەهیدانی کوردستان کرد.
خاتوو زیبا وێردی کەسێکی نیشتمانپەروەر و وەفادار بە ڕێبازی پیرۆزی شەهیدانی کوردستان بوو، بەهۆی ئەوەیکە لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەر بوو، سەختی و ناخۆشییەکی یەکجار زۆری کێشا و سەرەڕای هەموو ئەو ناخۆشییانە هەمیشە لەسەر وەدیهێنانی ئامانجی پیرۆزی شەهیدان سوور بوو؛
جێگای ئاماژەیە کە بنەماڵەی وێردی لە ناوچەی بانە هەمووکات ڕۆڵی باشیان هەبووە لە بەرەوەو پێشبردنی بزووتنەوەی ڕەوای کورد.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی کۆچیدوایی خاتوو زیبا، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی “وێردی” و هەموو خەڵکی ناوچەی بانە دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.