لە چالاکییەکی هێزە ئامنییەکانی کۆلۆمبیا و بە هاوکاری و بەشداریی ١٥ دەزگای هەوڵگری نێودەوڵەتی، گرووپێکی تێرۆریستیی سەر بە ڕێژیمی ئێران کە دەیانهەویست چەند کردەوەیەکی تێرۆریستی لە سەرتاسەری جیهاندا ئەنجام بدەن، لە وڵاتی “کۆلۆمبیا” ئاشکرا کرا.
لێکۆڵینەوەکانی دەوڵەتی “کۆلۆمبیا” بوونەتە هۆکاری ئاشکراکردنی ژێرخانە ئاڵۆز و بێسەرەوبەرەکانی هێزی “قودس”ـی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ کردەوەی تێرۆریستی لە وڵاتانی ئازەربایجان، ئەمریکا، بولغارستان و ئافریقا؛ ئەو گرووپە تێرۆریستییە کەڵکی لە کەسانی شارەزا و مافیاکانی ماددە سڕکەرەکان وەرگرتووە.
ماڵپەڕی “ئینۆستیگیتۆ پڕۆجێکت” بڵاوی کردووەتەوە کە، ئەو کارە لە مانگی پووشپەرەوە دەستی پێکردبوو، لە کاتێکدا کە ئیدارەی نەتەوەیی زانیاریی کۆلۆمبیا ناسراو بە “دی ئێن ئای” پیلانێکی تێرۆریستی ئاشکرا کرد کە بڕیار بووە دوو بازرگانی ئیسرائیلی لەلایەن دوو ئەفسەری باڵای هێزی تێرۆریستی قودسی ڕێژیمی ئێران تێرۆر بکرێن، یەک لە ئەفسەرانە ناوی “ڕەحمەت ئەسەدیـ”ـیە و لەلایەن ڕێکخراوە ئیتلاعاتییەکانی ڕۆژاوا وەک تێرۆریستێکی مەترسیدار لە قەڵەم دراوە.