سەرۆککۆماری ئازەربایجان ڕایگەیاند: رێژیمی ئێران دەبێ بۆمان ڕوون بکاتەوە ئیسرائیل لە کام بەش لە سنوورەکانی ئازەربایجان بوونی هەیە.
پێوەندی باشی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا خەونی ئێرانی ئاڵۆز کردووە و هەر جارە و بە بیانووی هەبوونی ئیسرائیل لە وڵاتانی دەوروبەر، هەوڵی دەستێوەردان و دەسڕێژی بۆسەر سەروەری و خاکی ئەو وڵاتانە دەدات. سەرۆککۆماری ئازەربایجان ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە بوونی هێزەکانی ئیسرائیل لە سنووری ئازەربایجان و ئێران دەکڕێ، ڕەتدەکاتەوە و بە بیانووی منداڵانە و ڕۆڵی تێکدەرانەی ئێرانی دادەنێ و دەڵێ پێشتر ئەم وتانە لە زاری “ئاخوندێکی ئەیالەتی”ـەوە هاتە دەرەوە کە گرینگیمان پێی نەدا، بەڵام ئێستا ئەم وتانە لە زاری بەرپرسانی ئێرانیشەوە دەبیستین.
“ئێلهام عەلییێف” ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕەزبەر، لە سەردانی ناوچەی “جبرائیل” لەنێوان سنووری ئازەربایجان و ئێران لە لێدوانێکدا وتی: “ئێستا من لەو شوێنەم کە ئێران بانگەشەی بوونی هێزی ئیسرائیلی بۆ دەکات، بەڵام لێرە نە خانووبەرەیەکی لێیە و نە کەسێکیش لێرەیە؛ با ئێران پێمان بڵێ بزانین ئیسرائیل لە کام بەشی ئەم ناوچەدایە؟”
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا زۆربەی وڵاتانی ناوچە پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ وڵاتی ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە کە ئەمە بووە بە جێی ناڕەزایەتی و ترسی ڕێژیمی ئێران و ئەوە بە مەترسییەک بۆ مانەوەی خۆی دەزانێ.
شایانی باسە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان وڵاتی ئازەربایجان و ڕێژیمی ئێران لە ناوچە سنوورییەکاندا پەرەی سەندووە.