وڵاتی ئاڵمان مەرجی ئێرانی بۆ ئازادکردنی پارە بلۆکەکراوەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ دەسپێکردنەوەی دانوستانە ناوکییەکانی ڤییەن، ڕەتکردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان ڕایگەیاند کە، دەنگۆی ئازادکردنی پارە بلۆکەکراوەکانی ڕێژیمی ئێران وەک مەرجی بووژانەوەی دانوستانەکانی ناوکیی، دوورە لە ڕاستی و مەرجی ڕێژیمی ئێران بۆ ئەمریکا بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی ناوکی ببووژێتەوە، کە بریتییە لە ئازادکردنی پارە بلۆکەکراوەکانی ڕێژیمی ئێران، بە هیچ شێوەیەک ڕاست نییە.
کۆماری ئیسلامی، پێشتر وای بڵاوی کردبۆوە کە مەرجی بۆ ئەمریکا داناوە کە دەبێ ١٠میلیارد دۆلار لە داراییەکانی ئێران کە بلۆکە کراوە لە لایەن ئەو وڵاتەوە، ئازاد بکات و ئەوجار دەگەڕێتەوە بۆ دانوستانەکانی بەرجام، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان بە هەواڵدەری “ڕۆیتێرز”ـی ڕاگەیاند کە، ڕێژیمی ئێران ناتوانی بۆ بووژانەوەی بەرجام مەرج دابنێ.
جێی ئاماژەیە کە حەوتووی ڕابردوو، “حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهییان” وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا وتبووی: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی ببووژێتە، هەوڵیکیان دەست پێکردووە و واشینگتۆن بە مەبەستی بووژانەوەی بەرجام، ١٠میلیارد دۆلار دارایی بلۆکەکراوی ئێران دەبێ ئازاد بکا، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان ئەو مەرجەی ڕەتکردەوە.