وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە پاش دەسبەسەرکردنی کەسێکی چەکداری ئێرانیی لەلایەن پۆلیسی قبرێسەوە کە هەوڵی دابوو هێرش بکاتە سەر چەندین بازرگانی ئیسرائیلی، هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێرانمان بەدژی چەندین ئامانجی ئیسرائیلی لە قبرێس پووچەڵ کردووەتەوە.
نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕێژیمی ئێرانی بە درێژەدان بە هەوڵەکانی بۆ گورز وەشاندن بە ئیسرائیل تۆمەتبار کرد و وتی: دوایین نموونە لە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بەدژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل گەڵاڵەی هێرش بۆ سەر بازرگانانی ئیسرائیلی لە قبرێس بووە کە پووچەڵ کراوەتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا بێنی گانتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە تۆری کۆمەڵایەتیی تویتێر، بە ئاماژە بە پووچەڵکردنەوەی هەوڵە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆسەر چەندین بازرگانی ئیسرائیلی لە قبرێس وتی: پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییانمان لەهەر جێگایەک ئەرکی ئێمەیە و لە هیچ کەس و وڵاتێک قەبووڵ ناکەین هێرش بکەنە سەر هاووڵاتییانمان و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بخەنە مەترسییەوە.
هەواڵدەرییەکانی ئیسرائیل لەم پێوەندییەدا ڕایانگەیاندووە کە کەسێکی تەمەن ٣٨ ساڵەی خەڵکی کۆماری ئازەربایجان کە لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا پێوەندیی هەبووە، ویستویەتی کە بازرگانێکی ناوداری ئیسرائیلی بە ناوی “تێدی ساگی” بە پیلانی ڕێژیمی ئێران تێرۆربکا کە لەلایەن پۆلیسی قبرێسەوە دەسبەسەر کراوە.