عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی لە وڵاتی ئازەربایجان کرد و وتی: ئەو وڵاتانەی کە ئاسایشی خۆیان لە پشتبەستن بە وڵاتانی دیکەوە دەبینن، بە زوویی وڵامەکەی وەردەگرنەوە.
عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی ئانلاین لەگەڵ فەرماندە و دەرچووانی کۆلێژە ئەفسەرییەکانی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی وەک قەڵایەکی قایم و خۆڕاگر وەسف کرد و وتی: ئەو وڵاتانەی کە تووشی وەهم بوونە و دەیانهەوێ بە پشتبەستن بە خەڵکانیتر ئاسایشی خۆیان دابین دەکەن، ئەوە بزانن زۆر زوو زلـلەی ئەو وەهەمەیان وێدەکەوێ.
ناوبراو بە ڕوونی ئاماژەی بە ناوی وڵاتێکی تایبەت نەکرد ، بەڵام وتی بە سەرنجدان بەو ڕووداوانەی کە لە باکووری ڕۆژاوای ئێران و لە هێندێک لە وڵاتانی دراوسێ هاتۆتە ئاراوە، دەبێ لەسەر بنەمای “خۆبواردن لە پێدانی مۆڵەت بە حزووری بیانییەکان” چارەسەر بکرێ.
ئەو هۆشدارییەی عەلی خامنەیی لە کاتێک دایە کە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان ئێران و کۆماری ئازەربایجان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا پەرەی سەندووە و هێزێکی زۆری سپای پاسداران و ئەرتەشی ئێران لە سنوورەکانی ئەو وڵاتە بە کەرەستەی جۆراوجۆری سەربازیی جێگیر کراون.
جێی ئاماژەیە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەوڵەتی باکۆ بە هاوکاریی ئەمنییەتی لەگەڵ ئیسرائیل و هەوڵدان بۆ دروستکردنی گرژی و نائارامی لە سنوورەکانی ئێران تاوانبار دەکەن.