لێکۆڵەری باڵای دامەزراوەی وڵاتانی کەنداو دەڵێ: ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی میلیشیاکانیەوە دەستێوەردان لە ناوچەکە دەکا و پەرە بە کارە تێکدەرانەکانی دەدا.
عەلی ئاڵفۆنە، لێکۆڵەری باڵای دامەزراوەی وڵاتانی کەنداو لە واشینگتۆن، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بابەتێکدا لەژێر ناوی “ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی ڕێژیمی ئێرانەوە”، سەرەڕای ئاماژە بە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری دەورانی سەرۆککۆماری ترامپ لە ئەمریکا بۆسەر ڕێژیمی ئێران دەنووسێ: ڕێژیمی ئێران بە سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ناڕازیی وڵاتەکەی و هەروەها بە کەڵکوەرگرتن لە میلیشیاکانی لە سووریە و درێژەی شەڕەکان، بەشار ئەسەدی لە بازنەی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا هێشتووەتەوە و هەمان کایەش لە ڕێگەی میلیشیا حووسییەکانەوە لە یەمەن دەکا و دەیهەوێت بەم جۆرە پەرە بە کارە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکەدا بدا.
ناوبراو لە وێبینارێکدا بۆ “ئەنجومەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” لەژێر ناوی “ئەزموونە ستراتیژییەکان و هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە و جیهاندا”، وتی: یەکەمین ئەزموونێک کە ڕێژیمی ئێران لە هەوڵە تێکدەرانەکانی وەریگرتووە ئەوەیە کە شەڕە بەوەکالەتەکان لە ڕێگەی میلیشیاکانیەوە بۆ پەرەپێدان بە ئامانجە ناوچەییەکانی ئێران، زۆر گرینگە.
ئاڵفۆنە لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێ: بە هاتنەسەرکاری ئیبراهیم ڕەئیسی وەکوو سەرۆککۆمار کە بۆ خۆی تۆمەتباری سەرەکیی و پێشێلکاری مافی مرۆڤە و لەلایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەییەوە گەمارۆی خراوەتەسەر، ڕێژیمی ئێران زیاتر پەرە بە دەستێوەردانەکانی لە ڕێگەی سپای قودسەوە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی دەدا و بەردەوام دەبێ لە کێشە و ئاڵوزی سازکردن لە ناوچەکە و جیهاندا و بۆیە دەبێ کۆمەڵگەی جیهانیی بە کۆدەنگی ڕووبەڕووی سەرەڕۆییەکانی ئەو ڕێژیمە ببنەوە.