بەرپرسی شۆرای ئیسلامیی شاری تاران ڕایگەیاند کە، هەموو پڕۆژەکانی ئاوادانکردنەوەی تاران، ڕادەستی قەرارگای “خاتەمەلئەنبیا”ـی سپای پاسداران کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “تەنسیم” نزیک لە سپای تێرۆریستی پاسداران، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، مێهدی چەمران بەرپرسی شۆرای ئیسلامیی شاری تاران، بە ئاماژە بە بەڕێوەبردنی پڕۆژەی شارسازییەکان لەلایەن سپای پاسدارانەوە، وتی: لە ڕابردوودا پڕۆژەکانی ئاوادانکردنەوەی شار بە هاوکاریی سپا و قەرارگای خاتەم بە ئەنجام گەیشتووە و پڕۆژەگەلێکی گەورە بە ئاکام گەیشتووە، کە ئەو بابەتە لە شۆرای خولی چوارەم زۆرتر باسی لێ کراوە، هەر بۆیە تەواوی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی شاری تاران ڕادەستی سپای پاسداران کراوە.
محەممەدجەواد حەقشناس، ئەندامی شۆرای شاری تاران، لە چەند مانگی ڕابردوودا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ئێعتماد” باسی لە ڕێککەوتنە نهێنییەکانی وەکوو “فایناس١” و “فایناس٢” کرد کە لە دەورەی شارەداریی “محەممەدباقر قالیباف”دا، دوور لە پڕەنسیپی ڕێککەوتنی ڕەسمی، لەگەڵ قەرارگای خاتەمەلئەنبیا ڕێککەوتنیان کردبوو و ئەو ڕێککەوتنە داهاتەکەی لە بوودجەی ساڵانەی شارەداری زۆرتر بووە.
شایانی باسە کە، سپای پاسداران، دەیهەوێ هەموو پڕۆژە گرینگەکانی تاران و ئێران بە گشتی بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی و بۆ بەرژەوەندی کردەوە تێکدەرانەکانی لە دەرەوەی ئێران بەکاریان بێنێ و خەڵکی وڵاتیش لەوپەڕی بێکاری و لە دۆخێکی نالەباردا دەژین.