سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسیی کوردی بەهۆی کەمترخەمیی بەرپرسانی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین لە بەدواداچوون بۆ داخوازییەکانی، بەردەوامە لە مانگرتنی لە خواردن.
بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین بە ناوی “سەکینە پەروانە” تەمەن ٣٠ساڵ و خەڵکی شاری قوچان لە ناوچەی خوراسان بەهۆی نارەزایەتی دەربڕین لە دەستێوەردانی ناوەندە ئەمنییەکان لە پەروەندەکەی و کەمترخەمیی بەرپرسانی بەندیخانە لە بەدواداچوون بۆ داخوازییەکانی، مانی لە خواردن گرتووە؛ ئەوە لە حالێک دایە کە دۆخی تەندروستی “سەکینە پەروانە” بەهۆی مانگرتن لە خواردن ناجێگرە.
شایانی باسە”سەکینە پەروانە” ڕۆژی شەممە ١٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاوی، لە کاتی گەرانەوە لە هەرێمی کوردستان دەسبەسەر و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤین لە شاری تاران و ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ١٣٩٩ ی هەتاوی، بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیران لەلایەن دادگای ئینقلابی تاران سزای ٥ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.