عه‌لی خامنه‌یی، ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران به دانانی ئیبراهیم ڕه‌ئیسی، داواکاری گشتیی ئێران وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌ری ئاستانی قودسی ڕه‌زه‌وی، به ته‌واوی ده‌ستی به‌سه‌ر ئه‌و بنیاته زه‌به‌لاحه ئابوورییه‌دا گرت.
ئاستانی قودسی ڕه‌زه‌وی به گه‌وره‌ترین كۆمه‌ڵه‌ی مه‌وقوفی له ئێران‌و هه‌روه‌ها به گه‌وره‌ترین بونگاكانی ئابووریی ئه‌م وڵاته داده‌نرێ. ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی، دامه‌زرێنه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران کاتی خۆی ئه‌م بنیاته ئابوورییه‌ی له دانی ماڵیات به ده‌وڵه‌ت مه‌عاف کرد‌و ئه‌م ڕه‌وته تا ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه..
ئاستانی قودسی ڕه‌زه‌وی ٢٠ ساڵ له‌وه پێش خاوه‌نی زیاتر له سه‌دی ٩٠ی هه‌موو زه‌وییه جووتیارییه‌كانی پارێزگای خۆراسانو زۆربه‌ی زه‌وییه‌كانی تاران، قه‌زوین، ئیسفه‌هان، یه‌زد و كرمان، سێمنان و دامۆغان بوو.
ئاستانی قودسی ڕه‌زه‌وی خاوه‌نی نزیك به ٥٠ شیركه‌تی جیاجیایه‌و داهاته‌كه‌ی زیاتر له ١٣٠ میلۆن دۆلاره له ساڵێکدا.
ئیبراهیم ڕه‌ئیسی له که‌سه نزیکه‌کانی عه‌لی خامنه‌ییه و له ساڵی ١٣٨٣ تا ١٣٩٣ وه‌ك جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆکی ده‌زگای قه‌زایی، واته كه‌سی دووهه‌می ده‌زگای قه‌زایی ئێران بووه.