ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئێران ڕایگەیاند کە ئیسرائیل هۆکاری تەقینەوەکەی ئەم دواییانەی دامەزراوەی ناوکیی کەرەجە و خەسارێکی زۆری گەیاندۆتە شوێنی بەرهەمهێنانی سانتریفیوژەکان و بەتایبەتی شوێنی کامێرا چاوەدێرییەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە.
محەممەد ئیسلامی، بەرپرسی ڕێکخراوەی وزەی ناوکیی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە ئاماژە بە داواکارییەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وەزی ناوکیی لەهەمبەر دامەزراندن و چاککردنەوەی کامێرا چاوەدێرییەکان لە دامەزراوەی ناوکیی کەرەج وتی: دەبێ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە لەپێشدا کاردانەوەی هەبێ لەهەمبەر هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر دامەزراوە ناوکییەکانمان.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە لە ئاکامی ئەو هێرشەدا شوێنی کامێرا چاوەدێرییەکانی ئاژانس و کامێراکان بەتەواوەتی لەنێوچووە، وتی: ئێمە وردەکارییەکانی ئەم ڕووداوەمان بە نوێنەرانی ئاژانس لە تاران و ڤییەن ڕاگەیاندووە.
جێگای ئاماژەیە کە دامەزراوەی ناوکیی کەرەج کە شوێنی بەرهەمهێنانی سانتریفیوژە، ماوەیەک پێش ئێستا بوو بە ئامانجی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ڕێژیمی ئێران لە پێشدا بە شاردنەوە و چەواشەکردنی ڕاستییەکان، ڕایگەیاند کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە دامەزراوەی توێژینەوەی ناوکیی لە کەرەج دوو کەس لە کارمەندانی ئەو دامەزراوەیە گیانیان لەدەستداوە.