لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی ئێران، ڕۆژی ڕابردوو ٢٣ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵەریی هرانا، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، ٢٣ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارە جیاوازەکانی ئێران بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە چالاکانی ژینگەپارێزی شاری سنە لە تەنیشت بەنداوی وەحدەتی ئەو شارە، کرێکارانی کانگای بەردی “پابدانا”ی کرمان، بۆ دووهەمین ڕۆژی بەردەوام لە شوێنی کارەکەیان، خانەنشینکراوانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی ئەهواز، ڕەشت، کرماشان، خوڕەمئاوا، تاران، مەشهەد، تەورێز و قەزوێن لە بەردەم بینای ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی شارەکانیان، مامۆستایان و فەرهەنگیانی تاران لە بەردەم بینای مەجلیسی ڕێژیم لە تاران و لە شارەکانی ئەهواز، شیراز، زەنجان، داراب، بەندەرعەباس و ئیسفەهان لە بەردەم بینای پەروەردە و بارهێنانی شارەکانیان، کرێکارانی شارەوانیی خۆڕەمشەهر لە بەردەم بینای فەرمانداری ئەو شارە، خانەنشینکراوانی پیشەی پۆڵا لە پارێزگاکانی ئیسفەهان و خووزستان لە بەردەم سەندووقی خانەنشینکراوانی پارێزگاکان، کرێکارانی کۆمپانیای نەوت و گازی زاگرۆس بۆ دووهەمین ڕۆژی بەردەوام ل ەبەردەم بینای ئیداری ئەو کۆمپانیایە، کرێکارانی کۆمپانیای نەیشەکەری حەوتتەپە بۆ شەشەمین ڕۆژی بەردەوام لە بەردەم بینای فەرمانداریی شاری شووش و کۆمەڵێک لە کرێکارانی کۆمپانیای پیشەی پێترۆشیمی بەندەر ئیمام لە بەردەم کۆمپانیاکە بەڕێوەچوو.