لە ئاکامی هێرشی مووشەکیی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆسەر شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنی لە مەرئەب، چەندین منداڵ کوژران و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، میلیشیا حووسییەکانی یەمەن بە سێ مووشەکیی بالستیک، یەکێک لە گەڕەکە پڕ حەشیمەتەکانی شاری ڕەوزە لە پارێزگای “مەرئەب”یان کردە ئامانج و لە ئاکامدا چەندین منداڵ کوژران و بە دەیان کەسیش بریندار بوون.
بەرپرسانی دەوڵەتی یاسایی یەمەن لە پارێزگای مەرئەب پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران تا ئێستا پارێزگای “مەرئەب”یان بە ٣٠٠ مووشەکی بالستیک کردۆتە ئامانج و بەردەوام بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش دەکەنە سەر ئەو شوێنانەی کە خەڵکی مەدەنی لێ نیشتەجێن.
جێگای ئاماژەیە کە سەرچاوە مافی مرۆییەکانی یەمەن حەوتووی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاندووە کە میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ٧ ساڵدا، ٢هەزار و ٣٢ کەس بەتایبەتی ٢٩٤ منداڵ، ١٣٢ ژن و ١٠٤ کەسی بەساڵاچوویان لە گەڕەکە پڕ حەشیمەتەکانی پارێزگای مەرئەب کوشتووە.