لەکاتیکدا کە تائیستا نە تیمی وتووێژی ئێران و نە کاتی گەڕانەوەی ڕێژیمی ئێران بۆسەر مێزی وتووێژە ناوکییەکان دیاری کراوە، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران دەڵێ: مەرجی ئێمە بۆ گەرانەوە بۆسەر مێزی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن ئەوەیە کە ئەمریکا دەبێ لە پێشدا ١٠ میلیۆن دۆلار پارەی بلۆکەکراوی ئێران ئازاد بکا.
حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم، ڕۆژی شەممە ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵە هەواڵدەرییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە ئەوکاتەی بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی “نیویۆرک”م کردووە، ئەمریکاییەکان بەردەوام هەوڵی ئەوەیان دەدا کە لەگەڵ مندا چاوپێکەوتن و دانیشتنیان هەبێ و بە ئاماژە بەوەیکە دەوڵەتی بایدێن دەیهەوێت پێوەندییەکانی لەگەڵ ئێران ئاسایی بکاتەوە وتی: ئەگەر ئەمریکاییەکان دەیانهەوێت کە ئێمە بگەرێینەوە بۆسەر مێزی وتووێژەکان، دەبێ لە پێشدا بەشێک لە پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران ئازاد بکەن.
ناوبراو لەدرێژەدا وتی: ئێمە بە خێراترین کات دەگەڕێینەوە سەر مێزی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن و لەسەر مێزی وتووێژەکان هەڵسەنگاندن بۆ ئاکامی وتووێژەکان دەکەین و بۆ ئێمە هەوڵەکانی ئەمریکا و نییەتپاکی ئەمریکا زۆر گرینگە.
ئەمیرعەبدوڵاهیان بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە، سیاسەتی دەرەوە و ئابووریی وڵاتەکەمان گرێ نادەین بە وتووێژە ناوکییەکانی “ڤییەن”ەوە وتی: بەپێی ئەوەیکە وتووێژەکان لە سەرەتادا لە ڤییەن دەستیپێکردووە، دەمانهەوێت درێژە بە وتوویژەکانمان بدەین و لەئێستادا دەمانهەوێت تیمی وتووێژی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڤییەن دیاری بکەین.